کۆڕەک تیلیکۆم: بێبەشکردنی عێراقییەکان لە ئینتەرنێت پێشێلکارییەکی زەقە

کۆمپانیای کۆڕەک ڕایگەیاند: ئەم ڕێکارانەی دژمان گیراونەتەبەر مەترسی لەسەر ئاییندەی پەیوەندییەکانی عێراق دروست دەکەن. گوتیشی: کۆمپانیاکەمان ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی چەواشەکاری بووەتەوە.

چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکی ئاماژەی بەوە دا، بە ملیۆنان هاوبەشی هێلەکەمان تووشی پچڕانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بوون، لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە ژێر ڕێنمایی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەکانی ڕابردوودا  کۆمپانیاکەمان ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی چەواشەکاری میدیایی بووەتەوە بۆ ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنی بە نەدانی باج، لە کاتێکدا ئێمە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن لەگەڵ لێژنەی پەرلەمانی پەیوەندیدار پابەند بووین بە یاسا و ڕازی بووین بە چارەسەرێکی دارایی کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش پشتڕاستیان کردەوە کە هیچ ڕێگرییەکی یاسایی نییە بۆ ئەم چارەسەرە، بەڵام لە هەنگاوێکدا کە گوشاری سیاسی پێوە دیارە و ئامانج لێی دوورخستنەوەی کۆمپانیاکەمانە بە قازانجی لایەنێکی دیکە.