لووتکەی بچووککراوەی عەرەبی لەسەر چارەنووسی غەززە بۆ سبەینێ دوا خرا
کۆبوونەوەی لووتکەی بچووککراوەی عەرەبی، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕیاز بەڕێوە بچێت، بۆ سبەینێ هەینی دوا خرا، هاوکات بەڕێوەچوونی لوتکەی بچووککراوەی عەرەبی بۆ تاوتوێکردن و وەڵامدانەوەی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپە سەبارەت بە غەززە.
دوو دیپلۆماتکاری عەرەبی، بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاند، لووتکە بچووکەکەی عەرەبی فراوانتر کراوە و شەش وڵاتی ئەنجوومەنی هاریکاری عەرەبی لەگەڵ میسر و ئوردن، بەشدار دەبن.
بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی شوبات، سەرکردەکانی وڵاتانی سعوودیە، میسر، ئیمارات، قەتەر و ئوردن، لووتکەکە لە ڕیاز ساز بکەن، بۆ گەیشتن بە وەڵامێک بۆ پلانی ترەمپ سەبارەت کەرتی غەززە و ئاوارەکردنی دانیشتووانەکەی بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی میسر و ئوردن.
ئەو دوو دیپلۆماتکارە ئاماژەیان بەوەش کردووە "وڵاتێکی دیاری کەنداو ناڕەزایی دەربڕیوە لەوەی لە لووتکەکەی ڕیاز دوور خراوەتەوە."
سێشەممەی ڕابردوو، شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن لە واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، میسر وەڵامێک بۆ پلانەکەی ترەمپ دەداتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی وڵاتانی عەرەبی لە دانوستانەکانی ڕیازدا تاوتوێی ئەو بابەتە دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا وڵاتانی عەرەبی، لەنێویاندا هاوپەیمانە مێژووییەکانی ئەمەریکا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان دوو هێندە کردووە، بۆ جەختکردنەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکەی ترەمپ و ڕەتکردنەوەی ڕاگواستنی فەڵەستینیەکان لە خاکی خۆیان.