پاشماوەکانی جەنگ هەڕەشە لە ژیانی 15 ملیۆن سووری دەکەن

دوای 14 ساڵ لە شەڕو ململانێ، ڕێکخراوی 'هاندیکاپ ئینتەرناشناڵ'ـی ناحکوومی، هۆشداری دا، لەوەی 15 ملیۆن سووری، کە دەکاتە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی وڵاتەکە، مەترسی ئەو بۆمب و مینانەیان لەسەرە کە نەتەقیونەتەوە.

دانیلا زیزی، بەرپرسی بەرنامەی سووریا لە ڕێکخراوەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "بەهەموو مانایەک ئەوە کارەساتە."

گوتیشی: شەڕی 14 ساڵەی ناوخۆ، سووریای وێران کرد، زیاتر لە 500 کەس کوژراون، هەروەها 10 ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتیەکان کە ڕێکخراوەکە داتاکانی کۆکردووەتەوە، لە ماوەی ئەو 14 ساڵەدا، یەک ملیۆن پارچە تەقەمەنی بەکار هێنراوە.

بەگوێرەی 'هاندیکاپ ئینتەرناشناڵ' لەو یەک ملیۆنە، 100 تاوەکوو 300 هەزار پارچەی تەقەمەنی نەتەقیونەتەوە، کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر تەواوی وڵاتەکە هەیە، واتە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی سووریا مەترسی ڕاستەوخۆی ئەو تەقەمانیانەیان لەسەرە.

زیزی باسی لەوەش کرد، لە سووریا زۆرێک چەکی نائاسایی بەکار هێنراوە، وەکوو بۆمبی بەرمیلی، هاوکات داعشیش بۆمبێکی زۆری چاندووە، کە هەڕەشە لە ژیانی 15 ملیۆن سووری دەکەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، 800 هەزار ئاوارەی ناوخۆ گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، هەروەها 280 هەزار پەنابەریش لەدەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە.

 ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند "لەوکاتەی ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە، بەهۆی پاشماوەکانی جەنگ،141 کەس لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی کاتی، گیانیان سپاردووە، لەوانە 25یان منداڵن و سێانیان ئافرەتن، هەروەها شەش کەس لەکاتی کۆکردنەوەی دۆمبەڵان گیانیان سپاردووە، کە منداڵێک و ئافرەتێکی لە نێوانیاندا بووە.

لەناوچەکانی ژێر کۆنتتۆڵی ئیدارەی خۆسەر، 11 حاڵەتی مردن هەبووە کە بەهۆی پاشماوەکانی جەنگ مردوون، لەوانە پێنجیان منداڵ بوون و یەکیکیان ئافرەت بووە، هەروەها 30 کەسی دیکەش بریندار بوونە.

بەڵام ئەو ناوچانەی دەکەونە ژێردەسەڵاتی سوپای نیشتیمانی کە سەر بەتورکیان، 30 حاڵەتی گیان سپاردن تۆمار کراوە، کە سێ منداڵ و دوو ئافرەتیان تێدایە، هەروەها 42 کەسیش بریندار بوون.

ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی پشت بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەستن زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، کە لە مانگی یەکەوە، زیاتر لە 60 کەس گیانیان سپاردووە و 90 کەسیش بریندار بوون لە کاتی کارکردنیان لە کێڵگەکاندا یان لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان.