حەماس تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەستی خاچی سوور کرد

پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، حەماس تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەستی خاچی سوور کرد. بە گوێرەی پێگەی سی ئێن ئێن، حەماس تەرمی شیری بیباس، تەمەن 32 ساڵ لەگەڵ هەردوو منداڵەکەی ئەرییلی 4 ساڵان و کیفیری 9 مانگە، ڕادەست کردەوە.
دەگوترێت تەرمی چوارەم هی عۆدید لیفشیتزە، کە کاتی دەستگیرکرانی تەمەنی 83 ساڵ بوو و لەگەڵ ژنەکەیدا یوشیفید لیفشیتز، وەک شیری و منداڵەکانی، لە کیبۆتسی نیر عۆز، لە باشووری ئیسرائیل، لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بەدیل گیران.
یوشیفید، پێشتر لە لایەن حەماسەوە ڕادەستی ئیسرائیل کرابووەوە.
ئەو دوو منداڵە بوونە بەناوبانگترین قوربانیی هێرشەکەی حەماس. گەڕانەوەی تەرمەکانیان ساتێکی دڵتەنگی و هەڵچوون و پڕ لە سۆزی لە ئیسرائیل هێناوەتە کایە.
چەکدارانی داعش، چوار تابووتی ڕەشیان لە سەر سەکۆیەکی دارین لە شاری خان یوونس دانابوو، پێش ئەوەی ڕادەستی بەرپرسانی خاچی سووریان بکەن.
دەسەڵلاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند "تەرمەکان، پێشتر ڕادەستی خاچی سوور کراون پاشان دراونەتە سوپای ئیسرائیل لە غەززە."
دواتر، تەرمەکان لە پەیمانگای ئەبوکەبیری پزیشکیی داد، لە تەلئەڤیف پشکنینی تایبەتیان بۆ دەکرێت.
ئیسحاق هرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، پاش وەرگرتنەوەی تەرمی بارمتەکان، گوتی: "دڵی هەموومان بریندارە".
هەروا بەناوی حکوومەتی ئیسرائیلەوە داوای لێبووردنی کرد، لەوەی لە پاراستنی بارمتەکاندا سەرکەوتوو نەبوونە.
حەماس، لە تشرینی دووەمی 2023 ڕایگەیاند کە شیری بیباس و دوو منداڵەکەی، لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل، کوژراون.
