هەولێر..هەزار بیری ئاوی ماڵان دادەخرێن

بەردی بناغەی پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆی هێڵە لاوەكییەكان و بەستنەوەیان بە هێڵە سەرەكییەكانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر، دانرا.
پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا، هەر ئەوكات فەرمانی كرد لەگەڵ گەیشتنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر، پێویستە تۆڕە ناوخۆییەكانی ناو گەڕەكەكانی هەولێریش ئامادە بێت بۆ ئەوەی بەزوویی ئاوی پرۆژەكە بگاتە ماڵان و ئێستاش بە فەرمانی بەڕێزیان، پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ناوخۆی ئاو بۆ گەڕەكانی هەولێر بە گوژمەی 25 ملیار بناغەكەی دانرا، لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا لەلایەن كۆمپانیای كەیوانەوە جێبەجێ دەكرێت.
وەزیری شارەوانی، باسی لەوەش کرد: ئەو پرۆژەیەی هەموو گەڕەكەكانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە تایبەتی دەرەوەی شەقامی 120مەتری و ناوەوەی شەقامەكە لێی سوودمەند دەبن و زیاتر لە هەزار بیری ئاوی ماڵان دادەخرێن.
وەزیری شارەوانی، ئاماژەی بەوەش کرد "248 هەزار ماڵ لێی سوودمەند دەبن ، درێژیی پڕۆژەکە 411 كلیۆمەترە، هەڵكەندن و بڕینی شەقامەكان و دانانی تۆڕی ئاو لەخۆی دەگرێت."