کوردستان24 وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ئاشکرا دەکات

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ڕۆژی 24ـی ئەم مانگە ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق، ئاشکرا دەکرێت.
بەگوێرەی زانیاریییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ڕۆژی 24ـی شوباتی 2025، لە هۆتێل بابل لە بەغدا، ئەنجامی کۆتایی و دووەمی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق ڕادەگەیەندرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، بە ئامادەبوونی وەزیری پلان دانان و نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێم دەبێت.
ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2024، پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، تاكوو 22ـتشرینی دووەمی 2024 بەردەوام بوو، بۆ ئەو مەبەستەش قەدەغەی هاتووچۆ لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق و هەرێم ڕاگەیەنرا.
دووشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2024 د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی دانیشتووانی لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند و گوتی: کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم، زیاتر لە شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە.
شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، قۆناغی سێیەم و کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێ کرد، کە بە قۆناغی 77 پرسیارەکە ناسرابوو.
شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "سەرەڕای بوونی ئاستەنگی دارایی، تەکنیکی و هونەری و کەمیی کات، بۆ ئامادەکاری و جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە هەرێم و ناوچە کورستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دواجار توانرا ئەم پرۆسە گەورە و گرنگە بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت.