پەرلەمانتارێک: 13 ساڵە دیزاینی پرۆژەی میترۆی بەغدا تەواو بووە، بەڵام حکوومەت ناتوانێت جێبەجێی بکات

پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، عامر عەبدولجەبار، سەرۆکی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، فەرمانگەی ئەمانەی بەغدا، نەیتوانیوە پرۆژەی میترۆ جێبەجێ بکات، کە دیزاینەکەی لە 2012ەوە تەواو بووە.

عەبدولجەبار بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "پڕۆژەکە لە 2006ەوە، بە بڕیارێکی لیژنەی باڵای ئابووریی ئەنجوومەنی وەزیران گواستراوەتەوە بۆ فەرمانگەی ئەمانەی بەغدا." ئاماژەی بەوەش دا "ڕێکاری دروست گواستنەوەی پارەیە لە ئەمانەی بەغداوە بۆ وەزارەتی گواستنەوە،  بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "حکوومەتی ئێستا دەیەوێت بە دیزاینێکی نوێ جێبەجێی بکات کە بڕە پارەیەکی زۆر زۆری تێ دەچێت. ئەو کۆمپانیایە کە ناوی ڕاگەیەندراوە و مامەڵەی لەگەڵدا کراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی میترۆ، ڕووبەڕووی گەندەڵییەکی دارایی بووەتەوە، ئەمەش پرۆژەکە ڕادەگیرێت."

عەبدولجەبار، دەشڵێت:  پڕۆژەی میترۆی بەغدا، لە پسپۆڕیی فەرمانگەی ئەمانەی بەغدا نییە و شارەزاییان لێ نییە، بەلکو پیویست بوو ئەو پرۆژیە لای وەزارەتی گواستنەوە بمابایەوە.

عامر عەبدولجەبار باسی لەوەش کرد "ئێمە داوامان لە ئەمانەی بەغدا کردووە ئەولەویەتی پرۆژەکەمان بە ژمارە پێ بدات، بەڵام زیاتر لە جارێک لە ڕێگەی بەڵگەنامە فەرمییەکانەوە ڕەتی کردووەتەوە، ئەمەش وای کردووە ئێمە داواکارییەکە ڕەوانەی داواکاری گشتیی بکەین."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment