کرێملین: هێزی ئاشتی پارێز لە ئۆکرانیا ڕەت دەکەینەوە

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملین) ڕایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک ناردنی هێزی ئاشتی پارێز بۆ ئۆکرانیا ڕەت دەکەینەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئامادەی وڵاتەکەی بۆ ناردنی ئەو هێزەی بۆ ئۆکرانیا پیشان دابوو.

پێنجشەممە 20ـی شوباتی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین ڕایگەیاند، هەموو ئەو پلانانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لە ناردنی هێزی ئاشتی پارێز بۆ ئۆکرانیا دەکەن.

گوتەبێژی کۆشکی کرێملین هۆی ڕەت کردنەوەی پلانەکە خستە ڕوو و گوتی: ناردنی هەر هێزێکی ئاشتی پارێز بۆ ئۆکرانیا مەترسی بۆ سەر سنوورەکانی ڕووسیا دروست دەکات، چونکە بەشێک لەو هێزانە لە سەربازەکانی ناتۆ پێکدێن.

هەروەها ئاماژەشی دا، ئەم پلانە ڕێک پێچەوانەی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیانە، بۆیە لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر، کییەر ستارمەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بە ئاگاداری ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ئامادەیە هێزی ئاشتی پارێز بۆ پاراستنی سنوورەکان و ئاگربەستی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئەگەری ڕایگەیاندنی بنێریتە ئۆکرانیا.

هەروەها ڕۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سەردانی واشنتن بکات، لە سەردانەکەیدا کییەر ستارمەر پلانی ناردنی نزیک 30 هەزار سەرباز بۆ ئۆکرانیا وەکوو هێزی ئاشتی پارێز پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەکات، لە بەرانبەردا دەبێت ئەمەریکا سەربازەکانی بپارێزێت.

پیشتر بەرپرسانی ڕووسیا چەندین جار ئەوەیان دووپات کردووەتەوە، بوونی هێزەکانی ناتۆ لە ئۆکرانیا قبووڵ کراوە نییە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ڕووسیا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment