سەندیکای کرێکاران: ئەوەی بەرانبەر کۆڕەک دەکرێت ئامانجی مەترسیداری لە پشتە

سەندیکای کرێکارانی گەیاندنی کوردستان-هەولێر، دەڵێت: هەموو ئەو کارە مەبەستدار و نادادپەروەرانە ڕەت دەکەینەوە کە دەرهەق بە کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم دەکرێت.
پێجشەممە 20ـی شوباتی 2025، سەندیکای کرێکارانی گەیاندنی کوردستان-هەولێر، لەبارەی بڕیاری دەستەی مێدیا و گەیاندنی عێراق دەرهەق بە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەموو ئەو کارە مەبەستدار و نادادپەروەرانە ڕەت دەکەینەوە کە دەرهەق بە کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم دەکرێت، کە کار گەیشتە پچڕاندنی پەیوەندیی کۆمپانیایاکە بە کۆمپانیاکانی تری مۆبایلەوە، هەروەها بڕیاری ڕاگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە ملیۆنان بەشداربوو بە بێ ئەوەی ڕەچاوی زیادمەندبوونی حەوت ملیۆن بەشداربوو لەبەرچاو بگیرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی هەمان بڕیاری نابەجێوە سەدان کارمەندی کۆڕەک تلیکۆم کارەکانیان لە دەست داوە کە تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بووە، بازاڕی کار و کەسابەتی هەموو هاووڵاتییان بەشی خۆی توشی زیان کردووە، ئەوەی بەرانبەر بە کۆمپانیاکە دەکرێت کە تاکە کۆمپانیای نیشتمانییە لەسەر ئاستى عێراق لەبوارى پەیوەندییەکاندا و خاوەنی حەوت ملیۆن بەشداربووە، زۆر ڕوون و ئاشکرایە دەستەی گەیاندن و مێدیا بووە بە بەشێک لەو پلانی شەڕە ئابوورییەی کە بەغدا لەگەڵ هەرێم دەیکات.
جەخت لەوەش کراوەتەوە، ئەم جۆرە بڕیارانە ئامانجی سیاسی و مەترسیداری لە پشتە، کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم هەموو کاتێک پابەند بووە بەو یاسا و ڕێنمایییانەی کە لەلایەن دامەزراوه فەرمییەكانەوە دەردەچن.
لە بەشێکی دیکە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، ئەرکی سەرشانی سەندیکایە هەموو ڕێگایەک بگرێتەبەر لەپیناو بەرگریی لە مافی کرێکاران کە دووچاری زیان بوونەتەوە و داوا دەکەین بە زووترین کات پەنا ببرێت بۆ چارەسەری یاسایی گونجاو و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی بەشداربووانی کۆڕەک تلیکۆم و بەشداربووانی تری کۆمپانیاکانی مۆبایل.