ئیلۆن ماسک بۆ زێلێنسکی: بیسەلمێنە کە دیکتاتۆر نیت

ملیاردێر و بازرگانێکی ئەمەریکی ئیلۆن ماسک ئەمڕۆ هەینی، 21ـی شوباتی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"دا نووسیویەتی: ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی دەبێت هەڵبژاردن بکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی ئۆکرانیا دەکات، ئەگەرنا بە دیکتاتۆر دادەنرێت.
ماسک دەڵێت: یان زێلێنسکی هەڵبژاردن دەکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەل دەکات، یان دیکتاتۆرێکە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە لە فلۆریدا هێرشەکانی بۆ سەر زێلێنسکی هاوتا ئۆکراینییەکەی دەست پێ کرد و ڕایگەیاند، "دیکتاتۆرێکی هەڵنەبژێردراوە".
ماوەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا لە مانگی ئایاری 2024 کۆتایی هاتووە، بەڵام ئۆکرانیا بەهۆی شەڕ و یاسای سەربازییەوە هەڵبژاردنی نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی بە ملیۆنان ئۆکراینی وڵاتەکەیان جێهێشتووە و زیاتر لە 20% خاکەکەی کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا. لای خۆیەوەمۆسکۆ ڕایگەیاند، هیچ دانوستانێک لەگەڵ زێلێنسکی ناکرێت، چونکە "کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هاتووە" و نوێنەرایەتی ئۆکرانیاشی نەکردووە.
ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و " تروس سۆشیال" زێلێنسکی تۆمەتبار کرد و گوتی: "ڕقم لەوەیە بڵێم، بەڵام ڕێژەی پەسەندکردنی زێلێنسکی بۆ 4 لەسەد دابەزیوە"، هەروەها ڕەخنەی لە ناڕێکخستنی هەڵبژاردنەکە گرت و جەختی لەوەش کردەوە زۆرێک هاوکاریی ئەمەریکی دزراون".
هەروەها ترەمپ لەو پۆستەدا کە ئاراستەی زێلێنسکی کردووە، دەڵێت: "هەرگیز نەدەبوو دەست بەو شەڕە بکەیت".
لە بەرامبەردا، گیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئێوارەی چوارشەممە، "پشتیوانی خۆی بۆ زێلێنسکی، وەک سەرۆکی ئۆکرانیا، دووپات کردەوە".