مەحما خەلیل داوا دەکات یاسای لێبووردنی گشتی چەکدارانی داعش نەگرێتەوە

پەرلەمانتارێکی ئێزدیی پەرلەمانی عێراق، داوا دەکات مافی پێکهاتەکان لە کایەکانی دەسەڵات پشتگوێ نەخرێت، هاوکات داواکاریشە یاسای لێبووردنی گشتی چەکدارانی داعش نەگرێتەوە.

هەینی 21ـی شوباتی 2025، مەحما خەلیل، پەرلەمانتار لەگەڵ دادوەر جاسم عومێری، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کۆبووەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی مەحما خەلیل، لە کۆبوونەوەکەدا ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردەوە، کە تیرۆیستانی داعش کە لەزیندانەکانن، یاسای لێبووردنی گشتی نەیانگرێتەوە.

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق، داوای پێدانی ماف بە پێکهاتەکان بە تایبەتی ئێزدی لە کایەکانی دەسەڵات دەکات.

لای خۆیەوە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی هاوسۆزی و پشتیوانی خۆی بۆ پێکهاتەکان بە تایبەتی ئێزدییەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە دەرگاکانی دادگای فیدراڵی بە ڕوویاندا کراوەن لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان.

 
Fly Erbil Advertisment