ئەمڕۆ حەوتەمین گەڕی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت

ئیسرائیل بڕیارە لە بەرامبەر وەرگرتنی 602 زیندانی فەڵەستینی 6 دەستبەسەرکراوی دیکە لە غەززە وەربگرێت.

حەماس و ئیسرائیل بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 22ـی شوباتی 2025، حەوتەمین ئاڵوگۆڕی زیندانیانی فەڵەستینی بکەن، بزووتنەوەی حەماس بڕیارە ئەمڕۆ شەش بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکات، کە تا 1ـی ​​مارس قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە 19ـی 1 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆتایی دێت و  بارمتەکان ڕادەستی ئیسرائیل دەکرێنەوە، ئەمەش دوای 15 مانگ لە شەڕی وێرانکەر کەرتی غەززەی گرتەوە.

یانەی زیندانیانی فەڵەستینی ڕایگەیاند لە بەرامبەردا 602 دەستبەسەرکراوی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن کە 50 کەسیان سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە 108 زیندانی لە دەرەوەی خاکەکانی فەڵەستین دیپۆرتبکرێنەوە.

یانەی خانەوادەی دەستبەسەرکراوان ڕایگەیاندووە، خاچی سوور پێشوازی لە ئیلیا کۆهین، تەل شۆهام، ئۆمەر شێم تۆڤ و ئۆمەر وینکرت دەکات کە لەکاتی هێرشەکەی حەماس ڕفێندرابوون، هەروەها هیشام ئەلسەید و ئاڤێرا مێنگستۆ هەردووکیان نزیکەی 10 ساڵە دەستبەسەرن.

لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاگربەستەوە، ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە هەزار و 100 زیندانی فەلەستینی 22 دەستگیرکراوی وەرگرتووە کە سێ کەسیان کوژراون.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment