لە شارۆچکەی دوجەیل سەدان کەس دژی کارگەکانی قیر خۆپیشاندانیان کرد

سەدان کەس لە شارۆچکەی دوجەیلی سەر بەپارێزگای سەڵاحەددین, دژی کارگەکانی قیر لە نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوون خۆپیشاندانیان کرد.

دانیشتووانی شارۆچکەی دوجەیل دەڵێن؛ بەهۆی کارگەکانی قیرەوە یەک لەسەر سێی خەڵک تووشی شێرپەنجە بوون، پسپۆڕێکی تەندروستیش دەڵێت؛ بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی کارگەی قیر لە شارۆچکەی دوجەیل، ئاستی پیسی هەوای شارۆچکەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و کارەسات بەڕێوەیە.

خۆپیشاندانەکە ماوەی چەندان کاتژمێر درێژەی هەبوو، خۆپیشاندەران ڕێگەی سەرەکی موسڵ بەغدادیان داخست، داوایان دەکرد کارگەکانی قیر دابخرێن، چونکە مەترسی ڕاستەوخۆن لەسەر ژیانیان.

خۆپیشاندەرێ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو دانیشتووانی شارۆچکەی دوجەیل بەتوندی ناڕەزایەتی دژی ئەو کارگانە دەردەبڕین، ڕووی دەممان لەسەرۆک وەزیرانی عێراقە تا بەدەم ئەم خەڵکە ستەملێکراوەوە بێت،  شێرپەنجە خەریکە دەمانخوات، یەک لەسەر سێی دانیشتووانمان تووشی شێرپەنجەبوون، تاوانیان چییە؟

خۆپیشاندەرێکی دیکە دەڵێت: ئەمەی بەدەستمەوەیە فایلی تووشبوونی خێزانەکەمە بە شێرپەنجە، بەرپرسان ئەمە ناودەنێن چی؟ ئێمە چیمان کردووە؟ نەخۆشخانەکانیش وەک پێویست نین، تەنانەت خۆشم تووشی شێرپەنجە بووم، شەرمە بۆ دەسەڵاتداران.

خۆپیشاندانەکە لەکاتێدایە، پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداریی لە کارەسات بۆسەر ژیانی خەڵکی دوجەیل دەدەن، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا نزیکەی 450 تووشبوی نوێ شێرپەنجە لەم شارۆچەکەیە تۆمارکراون، ئەمەش بەهۆی ئەو هەوا پیسەی کارگەکانی قیر لەناوچایە دەری دەدەن، کە ئاستی ئاسایی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار.

ئەحمەد ئەعرەجی، پسپۆڕی تەندروستیی بۆ کوردستان24 گوتی: بەگوێرەی پشکنینەکانمان بۆمان دەرکەوتووە کارەساتی ژینگەی لەم شارۆچکەیە ڕوودەدات، گازی ئێس ئۆ تو لە هەوادا بڵاوبووەتەوە، کە بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم گازە مەترسیدارە.

گەر ئەم گازە 24 کاتژمێر لە هەوادا بڵاوببێتەوە، نزیکەی چوار هەزار جار لە ئاستی خۆی زیاتر دەبێت.

لەم دۆخە ناهەموارە، خۆپیشاندەران هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری توندتر دەکەن، لە ئەگەری بەدەمەوەنەچوونیان لەلایەن بەرپرسانەوە، جەختیش دەکەنەوە، بەردەوام دەبن لەسەر ناڕەزایەتییەکانیان تا ئەوکاتەی کارگەکان دادەخرێن.