هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەستی پێ کرد

یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت و کاتژمێر 10:00 بە کاتی هەولێر بنکەکانی دەنگدان بەرەو هاووڵاتییاندا کرانەوە و کاتژمێر 08:00 ئێوارەش بنکەکانی دەنگدان دادەخرێن.

میدایایە جیهانییەکان، پێشبینی دەکەن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەڵمانیا، هاوپەیمانی یەكێتیی دیموکراتی کریستیان  (CDU) و یەکێتیی کۆمەڵایەتیی کریستیان (CSU) بە سەرۆکایەتیی فرێدریک مێرز و مارکەس سۆدەر، براوەی یەکەم بن. پارتی ڕاست ڕەوی شوێنگرەوە بۆ ئەڵمانیا  (AfD) بە سەرۆکایەتیی ئەلیس ڤایدل، پلەی دووەم بێت و پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتیش، واتە پارتەکەی ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا پلەی سێیەم بە دەست بهێنێن.

په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا، دوای ئه‌وه‌ی له‌ 16ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، متمانه‌ی له‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئۆلاڤ شۆڵتز وه‌رگرته‌وه‌، بڕیاری دا 23ـی شوباتی 2025، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ به‌ڕێوه‌ بچێت، كه‌ ماوه‌ی حه‌وت مانگ هه‌ڵبژاردن پێش خراوه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌دا چوار هه‌زار و 506 كه‌س له‌ 29 پارتی سیاسیی جیاوازدا كاندیدن و كێبه‌ركێ له‌سه‌ر به‌ ده‌ستهێنانی 630 كورسیی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن و پێشبینی دەکرێت پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتیی بە سەرۆکایەتی ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، له‌م هەڵبژاردنەدا بدۆڕێنێت و ببێتە پارتی سێیەم.

بەگوێرەی سیستەمی هەڵبژاردنی وڵات، ئەڵمانیا بەسەر 299 بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەبێت، لە هەر بازنەیەک یەک کاندیدی هەڵدەبژێردرێت، کاندیدەکانی دیکەش لە 16 ویلایەتەکەی ئەڵمانیا هەڵدەبژێردرێت.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە 60 هەزار وێستگەی دەنگدان ئامادە کراون، لە سەرانسەری ئەڵمانیا 59 ملیۆن و 200 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ئەم دەنگدەرانەش دەنگ بە کاندیدانی 29 لیستی جیاواز دەدەن.

كاندیده‌ ئافره‌ته‌كانی ئه‌ڵمانیا ڕێژه‌ی 23%ـی كاندیده‌كان پێك ده‌هێنن و 442 ئافره‌ت كێبه‌ركێی به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن.

ئەو حکوومەتە نوێیەی دوای ئەم هەڵبژاردنە هەڵدەبژێردرێت، چەندین ئاڵنگاریی لە بەردەمدایه‌، له‌ناویشیاندا جەنگیی ڕووسیا و ئۆکرانیا كه‌ ئەمه‌ریکا بەڵێنی داوە کۆتایی پێ بهێنێت و دانوستانەکان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دەستیان پێ کردووە. هه‌ر یه‌ك له‌ بوژانەوەی ئابووریی وڵات و پرسی کۆچبەران دوو ئاڵنگاریی دیكه‌ن كه‌ ڕووبه‌ڕووی حكوومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ ده‌بنه‌وه‌.

ئۆلاف شۆڵتز، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا لە تشرینی دووەمی 2024ـدا کریسچم لیندنەر، وەزیری دارایی و سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئازاد، کە یەکێک بوو لە پێکهێنەرانی حکوومەت، لە پۆستەکەی لادا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پارتەکەی لە حکوومەت بکشێنێتەوە و هاوپه‌یمانیی حكوومه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و دوای مانگێک و 10 ڕۆژ، لە پەرلەمان متمانە لە شۆڵتز وەرگیرایەوە.