سوپای سۆماڵ: پێنج گەورە فەرماندەی بزووتنەوەی شەباب کوژران

چەکدارانی بزووتنەوەی شەباب 'ئەرشیف'
چەکدارانی بزووتنەوەی شەباب 'ئەرشیف'

سوپای نیشتیمانی سۆماڵی ڕایگەیاند، پینج گەورە فەرماندەی "گرووپی خەواریجەکان" کە مەبەستیان "بزووتنەوەی شەباب"ـە کوشتووە.

فەرماندەیی سوپای سۆماڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کەتێیدا هاتووە " چەند فەرماندەی ئەو گرووپە چەکدارە لە هێرشێکیان بۆ سەر ناوچەی عیل عەلی ئەحمەد، لە پارێزگای شبیلی ناوەڕاست، کوژران"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ناو و پۆستی ئەو سەرکردانەی کوژراون ئاشکرا کراوە، ئەوانیش "حەسەن عەبدولواحید عەبدی تەعیسو، ناسراو بە حەسەن غوری، کە بەرپرسیار بووە لە پاڵپشتیکردنی هەڵمەتەکان لە پارێزگاکانی مزوگ، گەلگادود و شبیلی ناوەڕاست؛ هەروەها تاهر بەحسەدی، ئەنەس، خالید جیس و عوسمان، کە هەریەکەیان بەرپرسیارەتی گەورەیان هەبووە."

سوپای سۆماڵ دوینی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی بزووتنەوەی شەباب بۆ سەر سێ بنکەی سەربازیی لە سۆماڵ، لانیکەم 13 سەربازی سوپای سۆماڵ کوژراون.

هەروەها هێزە چەکدارەکانی سۆماڵ دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە پاڵپشتیی خەڵکی ناوچەی هەرێمی شبیلی ناوەڕاست، توانیان بەرپەرچی هیرشێکی بزووتنەوەی شەباب بدەنەوە و زیاتر لە 130 چەکداری بزووتنەوەکەش کوژران.

لە ساڵی 2022 حکوومەتی سۆماڵ و هێزە هاوپەیمانەکانی هەڵمەتێکیان بۆ دەرکردنی بزووتنەوەی شەبابی سەر بە قاعیدە، لە هەندێک ناوچەی وڵاتەکە دەست پێ کرد، بەڵام بزووتنەوەکە بەردەوامە لە هێرشەکانی بە ئامانجی ڕووخاندنی حکوومەتی سۆماڵ و گرتنەدەستی دەسەڵات.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment