بەرپرسانی ئێران بەشداریی لە بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵلا و هاشم سەفیەددین دەکەن

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، ڕەنگە دوژمنانی مقاوەمە وا بیر بکەنەوە کە بە لەدەستدانی حەسەن نەسروڵلا، ڕێبازی مقاوەمە کۆتایی دێت، بەڵام وەک هەمیشە لە زانینی ڕاستییەکاندا هەڵە دەکەن.
یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پرسەی حەسەن نەسروڵلا و هاشم سەفیەددین، سەردانی لوبنانی کرد، لەو بارەوە عراقچی گوتی: ئەمڕۆ جیهانی ئیسلامی و هەموو مرۆڤە ئازادەکان، ماڵئاوایی لە تەرمی حەسەن نەسروڵلا و هاشم سەفیەددین دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوە تەنیا ماڵئاواییکردن نییە لەو دوو سەرکردەیەی مقاوەمە، بەڵکو نوێکردنەوەی دڵسۆزییە بۆ ئەو ڕێگە و بیرکردنەوە و ئایدیایەی کە خۆیان بۆیان فیدا کرد، هەروەها کوژرانی ئەم دوو سەرکردەیە بە خاڵێکی نوێ لە درێژەی خەبات دژی نادادپەروەری و داگیرکاریدا دەبینن، نەک کۆتایی ڕێگە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، پێی وابوو شەرعیەتی هەر بزووتنەوەیەک لە چەک و پشتیوانیی دەرەکیدا نییە، بەڵکو لە پشتیوانیی خەڵکدایە بۆی. گوتیشی: حەسەن نەسروڵلا، حزبوڵلای لوبنانی کردە ڕێکخراوێکی کاریگەر لە لوبنان و ناوچەکە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەممەد باقر قالیباف بۆ هەمان ڕێوڕەسم گەیشتە لوبنان و گوتی: ئەمڕۆ دەرفەتی ئامادەبوونمان دەبێت لە بەیروت لەگەڵ شاندێک کە پێک هاتووە لە ئەندامانی نووسینگەی ڕێبەری شۆڕش، حکوومەت، دەسەڵاتی دادوەری، مەجلیسی شورای ئیسلامی، بەشێک لە کەسایەتییە ڕۆشنبیرییەکان، بۆ بەشداریی پرسەی حەسەن نەسروڵلا و هاشم سەفیەددین.
حەسەن نەسروڵلا، لە ساڵی 1992ەوە بووەتە سەرکردەی حزبوڵلای لوبنانی تاوەکوو لە 27ـی ئەیلوولی 2024 لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل لە لوبنان، کوژرا.
سەرەڕای خراپی دۆخی ناوچەکە و لوبنان، پیشبینی دەکرێت هەزاران کەس لە عێراق و یەمەن و ئێران بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پرسەی حەسەن نەسروڵلا و هاشم سەفیەددین بکەن.
ڕێوڕەسمەکە لە یاریگای کەمیل شەمعون لە لوبنان بەڕێوە دەچێت، کە جێگای 50 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە.