سووریا.. گۆڕێکی بەکۆمەڵی دیکە لە شاری دەرعا دۆزرایەوە

ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سووریا (سانا) ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە، 21ـی شوباتی 2025، گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لە پارێزگای دەرعا لە باشووری سووریا دۆزیوەتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، بەشی ئاسایشی گشتیی لە شاری ئیزراع لە گوندەکانی ناوەڕاستی شاری دەرعا گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە کە ڕەنگە زیاتر لە 50 ڕوفاتی تێدا بێت.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاسایشی گشتیی گۆڕەکەی لە سەربازگەی پێشووی "لیوای 34" لە موسەمیە دۆزیوەتەوە، کە سەرەتا پێنج ڕوفاتی لێ دەرهێنراون.
سانا ڕوونیشی کردەوە، خەمڵاندنەکان ئەوە دەردەخەن کە زیاتر لە 50 ڕوفاتی دیکەی تێدان، بەڵام لەبەر سەختی بارودۆخی کەشوهەوا، دەرهێنانیان ئاسان نییە.
مانگی یەکی ڕابردوو گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە دەوروبەری لیوای نۆیەم لە شاری سەنمەین لە گوندەکانی باکووری دەرعا دۆزرایەوە.
ڕۆژی 16ـی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، خەڵکی ناوچەکە گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لە کێڵگەی کوێتی لە پەراوێزی شاری ئیزراع دۆزیەوە، کە ناوچەکە لەژێر دەستی میلیشیایەکی سەر بە لقێکی سەربازیدا بوو، 31 ڕوفات دەرهێنران کە لەنێویاندا ژن و منداڵێک بوون.