پەرلەمانی کوردستان لە دۆخی ناوچە سنوورییەکان دەکۆڵێتەوە
شاندێك رهوانهی ناوچه سنوورییهكان كرا
K24 - هەولێر
دۆخی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانی تورکیا و ئێرانەوە ئاڵۆزە، بۆیە پەرلەمانی کوردستان راپۆرتێک لەبارەی دۆخەکە ئامادە دەکات و دواتر کۆبوونەوە دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی رەوشەکە.
چەند هەفتەیەکە دۆخی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزە، بەهۆی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەلایەن تورکیاوە لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە سنوورەکە، جگە لە بۆردوومان، شەڕی دەستەویەخەش لەنێوانیان لە سنووری زاخۆ دروستبووە، هەروەها ئێرانیش لە لایەکی دیکەوە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران دەکات.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە هەفتە و چەند رۆژی رابردوودا تۆپباران و بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیاوە بەهۆی بوونی پەکەکە لە هەندێک لەو ناوچە شاخاوییانە دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردووە... ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی لیژنەکانی پەرلەمان دەکەین، هەرکاتێک راپۆرتەکە ئامادەکرا، ئەوکاتە داوادەکەین بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی وەزیری پێشمەرگە و ناوخۆ، دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان بکرێت".
بەهۆی بۆردوومانی تورکیا، لە ماوەی رابردوودا 5 کەس لە سنووری دهۆک شەهید بوون، بەگشتیش لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا 27 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا لەو سنوورە شەهید بوون.
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی پێشووتریدا بڕیاریدا؛ لیژنەی پێشمەرگە، لیژنەی ناوخۆ لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکان لە رەوشی ناوچە سنوورییەکان بکۆڵنەوە و ئەو سێ لیژنەیە کۆبوونەوەیەکیان کرد و چەند لیژنەیەکی لاوەکییان پێکهێنا، بۆ ئەوەی سەردانی ناوچە سنوورییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی بکەن و، ئەمڕۆ سەردانی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هەولێریان کرد.
لیژنەیەکی پەرلەمان کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 5-7-2020) گەیشتە قەزای چۆمان و لەگەڵ قایمقامی چۆمان و بەرپرسانی پەیوەندیدار سەبارەت بە رەوشی ناوچە سنوورییەکان و بەتایبەتی گوندی وێزە کە بەردەوام تۆپباران دەکرێت، کۆبوونەوە.
بهڵێن ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە ئەندامێکی لیژنەکەیە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئێمە بەدوای هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو پێشوییە و چارەسەرەکاندا دەگەڕێین، تاوەکو حکومەتی کوردستان و عێراق بزانن چی بکەن، دەمانەوێت لەنزیکەوە ئەو هاووڵاتییانە ببینین کە زیانیان بەرکەوتووە".
ئەوەی ئەمجارە لە بۆردوومانەکانی تورکیا جیاواز بوو، بەئامانجکردنی چەند کەسێک بوو (ئەندامی پژاک) لەنێو هاوینەهەوارێکی شارباژێڕ، بەجۆرێک خێزانێکی مەدەنیش بەرکەوتن، لەگەڵ ئەوەی کەسیان گیانیان لەدەستنەدا، بەڵام دایکەکە قاچێکی پەڕی.
هەر لەو بۆردوومانهی سهیرانگهی كونه ماسیدا له سنووری قهزای شارباژێڕ، بەپێی مهجلیسی پارتی ژیانی ئازادیی كوردستان (پژاك)، كه باڵی سهربازی پهكهكهیه له ئێران، چهكدارێكیان گیانی لهدهستدا و 3ـی دیكهش بریندار بوون.
جگە لە شەهیدبوون و برینداربوونی ئەو هاونیشتمانییانە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە، چەند گوندێکی سنووری بەتەواوی چۆڵکراون و زیانێکی زۆری ئابووریش بەر دانیشتووانەکەی کەوتووە.