‏حکوومەتی عێراق نەخۆشخانەیەک لە کەرتی غەززە دروست دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا نەخۆشخانەیەکی عێراقی لە کەرتی غەززە دروست بکات.

یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێێدا هاتووە، "محەممەد شیاع سوودانی پێشوازیی لە دکتۆری عێراقی محەممەد تاهر ئەبو ڕغیف 'باڵیۆزی مرۆیی' کرد."

لە ڕاگەیەنەدراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە "سەرۆک وەزیران جەختی لەکارە گرنگەکانی دکتۆر ڕغیف کردەوە، کە بەرامبەر خەڵکی غەززە کردوویەتی."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە "سوودانی فەرمانی کردووە، یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە بەغدا و پاسپۆرتێکی دیپلۆماسی وەک پێزانینێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی فەڵەستین بدرێتە دکتۆر محەممەد ئەبو ڕغیف، هەروەها نەخۆشخانەیەکی عێراقیش لە کەرتی غەززە دروست بکرێت بۆ خزمەتکردنی گەلی فەڵەستین، دووپاتیشی کردەوە هەڵوێستی عێراق مەدەنی و مرۆییە."