وەزیری دادی تورکیا: کۆتایی ئەم مانگە ئۆجەلان پەیامەکەی بڵاو دەکاتەوە
یڵماز تونچ: ڕێگە نادرێت ئۆجەلان پەیامی ڤیدیۆیی هەبێت
وەزیری دادی تورکیا ئاماژە بەوە دەدات، کۆتایی ئەم مانگە ئۆجەلان پەیامەکەی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاو دەکاتەوە و پەیامەکە تەنها بۆ پەکەکە دەبێت.
یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لەبارەی پەیامە چاوەڕاونکراوەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئۆجەلان پەیامی ڤیدیۆیی نابێت و ناوەرۆکی پەیامەکەشی بۆ دەوڵەت و گەلی تورکیا نییە، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەو ڕێکخراوە چەکداریی (پەکەکە)ـەیە، کە خۆی دایمەزراندووە، چونکە حکوومەتی تورکیا لەم پرۆسەیەدا نایەوێت بە قسەیەکیش ئازار بە بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای تورکیا بگات."
وەکوو ئەوەی وەزیری دادی باسی کرد، کۆتایی ئەم مانگە ئۆجەلان پەیامە ڤیدیۆییەکەی بڵاو دەکاتەوە. گوتیشی: ئۆجەلان بە تاوانی تیرۆر دەستگیر کراوە، ناتوانێت پەیامی ڤیدیۆیی هەبێت و ڕێگەشی پێ نادرێت، بۆ ئەوەی دەرکەوتنی نەبێتە مایەی توڕەیی و ئازاردانی بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای تورکیا، چونکە هەموو ئامانجەکان بۆ کۆتایی هێنانە بە تیرۆر."
یەڵماز تونچ، ئاماژەی بەوەش دا "هەرچەندە شاندی دەم پارتی تاوەکوو ئێستا هیچ داواکارییەکی دیکەیان پێشکەشی دادگا نەکردووە، بەڵام دەکرێت بۆ جاری سێیەم داواکاریی مۆڵەتی دیداری ئیمراڵی پێشکەش بکەن و دوای چاوخشاندنەوە بە داواکارییەکە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بتوانن چاویان بە ئۆجەلان بکەوێتەوە."
شاندەکەی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک دێت؛ تاوەکوو ئێستە دوو جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کۆ بووەتەوە.