چاودێرێکی سیاسی: سەدر بەشداریی هەڵبژاردن بکات زیاتر لە 100 کورسی دەباتەوە
كۆمه‌ڵێك كێشه له به‌رده‌م هەڵبژاردنی داهاتوون عێراقدا هەن، دیارترینیان بەشداریی موقتەدا سەدر و یاسای هەڵبژاردنەکە کە مشتومڕێکی زۆری لەسەرە.
له پاڵ ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمیسیۆن بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كه بڕیاره له ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه بچێت، كۆمه‌ڵێك كێشه له به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌دا ده‌بینرێت، كه دیاترینیان یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانه. لەم بارەوە، هە‌ندێك لایه‌ن داوای هه‌مواركردنه‌وه و ده‌ستكاریی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و سیسته‌می 'سانت لیگۆ' بۆ دابه‌شكردنی ده‌نگ و كورسییه‌كان ده‌كه‌ن.
پرسێكی هه‌ره گرنگی دیكه‌ش به‌شداریی ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كه تاوەکوو ئێستە له حه‌نانه‌وه هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردن یان بایكۆت به‌دی ناكرێت. توێژه‌رێكی سیاسیش بۆچوونی وایه، ئەگه‌ر بێت و هه‌ڵبژاردن به فره بازنه‌یی بكرێت، ئه‌و كات سه‌درییه‌كان زیاتر له 100 كورسی په‌رله‌مان به ده‌ست دەهێنن.
سه‌ركرده‌یه‌كی ڕه‌وتی نیشتمانی شیعه‌ی موفته‌دا سه‌در، به میدیا عێراقییه‌كانی ڕاگه‌یاندووه، گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌درییه‌كان له قۆناغی داهاتوو به ڕه‌زامه‌ندی موقته‌دا سه‌در ده‌بێت ئه‌مه‌ش مانای ئەوە نییە دەبنە هاوبەشی چوارچێوەی هەماهەنگی لە حکوومەتی داهاتوو. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سه‌در هه‌ڵوێستی روونه و له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانێتی دروست ناكات، به‌ڵام دوور نییه له‌گه‌ڵ به‌شێك له هێزه‌كانی ناو چوارچێوه وه‌ك به‌شێك له پرۆژه‌ی سه‌در حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی پێك بێنن.
له‌لایه‌كی دیكه ڕافد عه‌توانی، توێژه‌ری سیاسی بۆچوونی وایه "ئێران پلانی بۆ عێراق هه‌یه و ده‌یه‌وێت شیعه‌كان له‌ژێر چه‌تر و سه‌ركردایه‌تیی سه‌دردا كۆ بكاته‌وه له‌پێناو پاراستنی ناسنامه‌ی شیعه و هه‌ژموونیان له حوكمڕانی سیاسی عێراق. له‌مه‌دا، سه‌در توانای پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی سیاسی عێراقی دوای پاشه‌كشه‌ی ئێران له عێراق هه‌یه، له هه‌ڵبژاردنی داهاتووش به سیسته‌می فره بازنه‌یی زیاتر له 100 كورسی په‌رله‌مانی ده‌به‌نه‌وه."