عێراق.. سبەینێ ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ڕادەگەیەنرێت

سبەینێ دووشەممە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ڕادەگەیەنێت.

یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە ڕاگەیەنەدراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەینێ، محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانانی وڵاتەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ڕادەگەیەنێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کۆنفرانسەکە کاتژمێر 9:30ـی بەیانی، لە هۆتێل بابل لە بەغدا، بە ئامادەبوونی وەزیر، پەرلەمانتار، سەرۆکی دەستە و باڵێۆزەکانی وڵاتان بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2024، پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، تاكوو 22ـتشرینی دووەمی 2024 بەردەوام بوو، بۆ ئەو مەبەستەش قەدەغەی هاتووچۆ لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق و هەرێم  ڕاگەیەنرا.

دووشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2024 د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی دانیشتووانی لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند و گوتی: کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم، زیاتر لە شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە.

شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، قۆناغی سێیەم و کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد، کە بە قۆناغی 77 پرسیارەکە ناسرابوو.

شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "سەرەڕای بوونی ئاستەنگی دارایی، تەکنیکی و هونەری و کەمیی کات، بۆ ئامادەکاری و جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە هەرێم و ناوچە کورستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دواجار توانرا ئەم پرۆسە گەورە و گرنگە بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت."