ئاوات شێخ جەناب: ڕەزامەندین لەسەر گۆڕینی جۆری گرێبەستی فەرمانبەران لە پەرەپێدانەوە بۆ ئاسایی

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست کۆبووەوە و پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دووپات کردەوە.
یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە نوێنەرانی بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەستی دامەزراوی پەرەپێدان کە لە وەزارەتی تەندروستی دەوام دەکەن و مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە کرد.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، وەزیری دارایی گوێبیستی داواکاریەکانی فەرمانبەرانی گرێبەست بوو، وەک هەمیشە پشتیوانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دووپات کردەوە.
ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند: لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە و چاوەڕوانن لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە چارەیەکی گونجاو.
لەبارەی گۆڕینی جۆری گرێبەستی فەرمانبەران لە پەرەپێدانەوە بۆ ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب، گوتی: ڕەزامەندین لەسەر گۆڕینی جۆری گرێبەستەکانیان، لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ ئاسایی لەسەر وەزارەتمان.