ئەمەریکا پەیامێک لەبارەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەی دەداتە عێراق

ئەوەی زیان دەکات حکومەتی عێراق و خەڵکە

K24- هەولێر:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، مووشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی بەغدا کرا، ئەمەش دوای ئەوەی مووشەکێک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرا، ئەمەریکاش وەڵام دەداتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە سۆمەرییە نیوزی راگەیاند، مووشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی بەغدا کراوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە چونکە مووشەکەکە نەتەقیوەتەوە.

هەروەها، رۆژی یەکشەممە، مووشەکێک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرا، سیستمی بەرگری باڵیۆزخانەکە، مووشەکەکەی پووچەڵکردەوە، بە هۆی کەوتنەوە خوارەوەی مووشەکەکە لە ناوچەیەکی نزیک لە باڵیۆزخانەکە، منداڵێک بریندار بوو.

لەوبارەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، هێزە عێراقییەکان بەدواداچوون دەکەن. هەڕەشەی ئەو مووشەکانە تەنها بۆ ئێمە نییە، بەڵکو بۆ حکومەتی عێراق، نوێنەرانی وڵاتان و خەڵکی نزیک لەو ناوچانەیە.

هەروەها مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی ئەو هێرشانە دەڵێت، بوونی ئەو هێزە لە یاسا دەرچووانە، وەکو گەورەترین بەربەست بۆ هاوکاریکردنی دارایی عێراق دەمێننەوە.

دەشڵێت، دەبێت عێراق سەرەتا هاوکاری خۆی بکات پاشان جیهان، لە ئێستاشدا هەنگاوەکانی عێراق بەرەو ئاراستەیەکی باش دەڕۆن.

لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە، 33 مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کراون.

Fly Erbil Advertisment