فرێدریک مێرز: ئەڵمانیا بە شێوەیەکی متمانەپێکراو بەڕێوەدەبرێت

فرێدریک مێرز، سەرکردەی پارێزگارانی ئەڵمانیا
فرێدریک مێرز، سەرکردەی پارێزگارانی ئەڵمانیا

سەرکردەی پارێزگارانی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند: هەرچی زووە دەست بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت دەکەین.

یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، فرێدریک مێرز، سەرکردەی پارێزگارانی ئەڵمانیا، دوای بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان لە هەڵبژاردندا، گوتی: ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ یەکتری دەکەین و بابەتی سەرەکی دووبارە پێکهێنانی حکوومەتێکە لە ئەڵمانیا، کە ئەوەندەی رێی تێدەچێت بە خێرایی کار بکات، لەگەڵ پەرلەمانێکی زۆرینەی باش.

ئاماژەی بەوە دا، پێویستە دووبارە بە خێرایی هەنگاو بنێین، بۆ ئەوەی بتوانین دووبارە لە ئەورووپادا ئامادەییمان هەبێت و جیهان درک بەوە بکات کە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی متمانەپێکراو بەڕێوەدەبرێت.

یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا کاتژمێر 10 بە کاتی هەولێر بنکەکانی دەنگدان بەرەو هاووڵاتییاندا کرانەوە و کاتژمێر 8ـی ئێوارەش بنکەکانی دەنگدان داخران.

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی پارێزگارانی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی فرێدریک مێرز پلەی یەکەمی گرتووە و 211 کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە، هەروەها پارتی شوێنگرەوە بۆ ئەڵمانیاش بە سەرۆکایەتی ئەلیس ڤایدل، بە بەدەستهێنانی 142 کورسی لە پلەی دووەمە.

هاوکات پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتییش بە سەرۆکایەتی ئۆلاف شۆڵز 116 کورسی مسۆگەرکردووە و لە پلەی سێیەم دایە.

 
Fly Erbil Advertisment