ئەمڕۆ ئەنجامی فەرمیی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق ڕادەگەیەندرێت
وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ بەفەرمی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق بڵاو دەکەنەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی عێراق و ژمارەیەک باڵیۆز و نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ڕادەگەیەنن.
ئەمە لە کاتێکدایە، مانگی 11 ساڵی ڕابردوو سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق بە بەشداریی 130 هەزار بژمێر بە سێ قۆناغ بەڕێوە چوو.
بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکانیش ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیکەی 45 ملیۆن کەسە، کە دابەشبوون بەسەر حەوت ملیۆن و 898 هەزار خێزاندا.
شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، قۆناغی سێیەم و کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد، کە بە قۆناغی 77 پرسیارەکە ناسرابوو.
شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "سەرەڕای بوونی ئاستەنگی دارایی، تەکنیکی و هونەری و کەمیی کات، بۆ ئامادەکاری و جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە هەرێم و ناوچە کورستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دواجار توانرا ئەم پرۆسە گەورە و گرنگە بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت."