دانیمارک بە بەهای 54 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی ئۆکرانیا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک بڵاوی کردووەتەوە، لەسێیەم ساڵڕۆژی داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، بڕیاریان داوە بە بەهای 54 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی لەبواری مرۆیی و ئاوادانکردنەوەی بگەیەننە ئۆکرانیا.

وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک باسی لەوەش کردووە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانیان، ژێرخانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی قورس زیانی بەرکەوتووە و  ئێستا نزیکەی 13 ملیۆن ئۆکرانی پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.

باسی لەوەش کردووە، لەسەرەتای جەنگەوە، دانیمارک بە بەهای 134 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە ئۆکرانیا.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بە شێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد و تاوەکو ئێستاش شەڕ بەردەوامە. لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا، دەیان هەزار کەس کوژران و بریندار بوون زیاتر لە 5ملیۆن ئۆکرانی ئاوارەی ناوخۆو دەرەوەی وڵات بوون، چەند ناوچەیەکیش بەتەواو وێران بوون.