ئیدارەی ترەمپ سەدان هەلی کاری لە ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی هەڵوەشاندەوە

کارمەندێکی ئاژانسی USAID
کارمەندێکی ئاژانسی USAID

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە، جگە لە ژمارەیەکی کەم لە کارمەندانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریکا لەسەرانسەری جیهاندا، هەموویانی خستۆتە مۆڵەتی بە مووچەوە، هەروەها نزیکەی دوو هەزار هەلی کاری لە ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، هەموو ئەو کارمەندانەی کە ڕاستەوخۆ لە ئاژانسی گەشەپیدانی نێودەوڵەتی (USAID) دامەزراون، جگە لە کارمەندانی سەرەکیی بۆ ئەرکە گرنگەکان، مۆڵەتی بە مووچەیان دەدرێتێ، لەهەمان کاتدا ئاژانسەکە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی کەمکردنەوەی کارمەندان کە کاریگەری لەسەر نزیکەی 2000 کارمەندی ئاژانسەکە لە ئەمەریکا هەیە.

ئیدارەی کارایی کە لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، سەرکردایەتیی ئەو هەوڵانە دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسەکە، کە ئەرکی سەرەکی گەیاندنی یارمەتییە دەرەکییەکانی ئەمەریکایە و هەروەها ئامرازێکی گرنگە کە بە هێزی نەرمی ئەمەریکا بۆ بەدەستهێنانی هەژموونەکانی لە دەرەوە وڵات هەژمار دەکرێت.