لەسەدا 6.5ـی دانیشتووانی ئێران لە خانووی زیدەڕۆدا دەژین

کێشەی شوێنی نیشتەجێبوون لە ئێران بەردەوامە و جێگری وەزیری ڕێگاوبان و ئەندازیاریی شارستانیی وڵاتەکە دەڵێت، ئێستا نزیکەی 6.5%ـی خەڵکی ئێران لە خانووی زێدەڕۆی قەراغ شارەکاندا دەژین و ئەوەش بەرەنجامی وشکەساڵی 30 بۆ 40 ساڵی ڕابردووە.
عەبدولڕەزا گوڵپایەگانی، جێگری وەزیری ڕێگاوبان و ئەندازیاریی شارستانیی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ''ئیرنا''ـی ڕایگەیاند، نیشتەجێبوونی خەڵک لە شوێنە زێدەڕۆکاندا بووە بە دیاردەیەکی ڕژد و ئێستا نزیکەی 6.5%ـی خەڵکی ئێران لە خانووی زێدەڕۆی قەراغ شارەکاندا دەژین.
عەبدولڕەزا گوڵپایەگانی گوتی: لە بەشێک لە شارەکانی پارێزگای تاران ژمارەی شوێنە نایاسایی و زێدەڕۆکانی نیشتەجێبوون زۆرە و تەنانەت نیشتەجێبوون لە شوێنی زێدەڕۆ لە ناوشاری تارانیشدا پەرەی سەندووە.
گوڵپایەگانی دەشڵێت: بێجگە لە تاران، پارێزگاکانی خۆراسانی ڕەزەوی، سیستان و بەلووچستان، هۆرمزگان و خووزستان زۆرترین دانیشتووی شوێنە زێدەڕۆکانیان تێدایە.
توێژەران و پسپۆڕانی کەرتی نیشتەجێبوون پێیان وایە، گەورەترین هۆی زۆربوونی زێدەڕۆنشینی لە تاران و ناوەندی پاڕیزگاکان ئەوەیە کە پێداویستییەکان و ناوەندەکانی کار و کاسبی لەو شارانەدا کۆ کراونەتەوە، بەڵام جێگری وەزیری ڕێگاوبان و ئەندازیاریی شارستانیی ئێران دەڵێت: هۆی سەرەکی ئەو دیاردەیە وشکەساڵییە کە لە 30 بۆ 40 ساڵی ڕابردوودا بەردەوام زیادی کردووە و حکوومەتیش نەیتوانیوە ڕێکارێکی بۆ بدۆزێتەوە.
ڕێکخراوی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئێران ساڵی 2018 ڕایگەیاندووە "زیاتر لە 19 ملیۆن هاووڵاتیی ئێرانی لە شوێنە زێدەڕۆکاندا دەژین. ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی میدیا و ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی خێزانی ئێرانی لەم ساڵانەی دواییدا، ناهاوسەنگیی نێوان داهات و خەرجییەکان، یان زۆریی کرێی یەکەی نیشتەجێبوون بووە."
وەبەرهێنەرانی کەرتی نیشتەجێبوونیش دەڵێن: ئەگەر ناهاوسەنگیی ئابووری چارە بکرێت، ناهاوسەنگیی یەکەی نیشتەجێبوون بەئاسانی چارە دەکرێت، لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی نیشتمانیدا پێنج ملیۆن خێزان ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، کەچی تەنیا یەک ملیۆن خێزان توانییان پارەی پێشەکیی کڕینی یەکەکان بدەن.