زیاتر لە 160 پزیشکی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 160 فەرمانبەری بواری تەندروستی فەڵەستینی، کە لە ناویاندا 20  پزیشک هەن، هێشتا لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا ڕاگیراون. ڕێکخراوەکە، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە سەلامەتی و باری گوزەرانیان دەربڕیوە.

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لە زاری چەند پزیشکێکی فەڵەستینی ئازادکراوەوە ڕایدەگەیەنێت "لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئەشکەنجەی دەروونی و فیزیکی دەدراین و ئێستەش ئەوانەی هێشتا ئازاد نەکراون، ڕۆژانە ئەشکەنجە دەدرێن و سووکایەتییان پێ دەکرێت."

هەروا ڕێکخراوی (چاودێریی فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی) کە ڕێکخراوێکی ناحکوومەتی فەڵەستینییە، ڕایگەیاندووە، 160 فەرمانبەری کەرتی تەندروستی کە 20 پزیشکیان لەگەڵدایە، هێشتا لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا ڕاگیراون و مامەڵەی نەگونجاویان لەگەڵ دەکرێت. 

موعاز ئەلسڕ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی چاودێریی فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی، دەڵێت: ڕاگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی لە پزیشک و پەرستار و کرێکاران، کارێکی نایاساییە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی ئەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە غەززە کەم ببێتەوە و دانیشتوانی غەززە لەو خزمەتگوزارییانە بێبەش بن.

ئەلسڕ، هەروا گوتی: ئیسرائیل بە ڕاگرتنی ئەو گشتە کادر و شارەزایانەی کەرتی تەندروستی، دەیەوێت خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە غەززە بە تەواوەتی وێران بکات. ئێستەش ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش و بریندارانی غەززە لەبەر کەمایەسیی کادری پزیشکی و دەرمان، لەبەردەم هەڕەشەی مردندان. 

هەرچەندە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندان جار، بە فەرمی داوای لە حکوومەتی ئیسرائیل کردووە ئەو کارمەندانەی کەرتی تەندروستیی غەززە ئازاد بکات، بەڵام ئیسرائیل تا ئێستە وەڵامی داخوازییەکەی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەی نەداوەتەوە.