ئیسرائیل سەدان زیندانیی فەڵەستینی بەرامبەر دوو تەرمی بارمتەکان ئازاد دەکات

ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستینی (ئەرشیف)
ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستینی (ئەرشیف)

سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردەوە، ئیسرائیل ئامادەیە 301 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات، کە بڕیار بوو لە کاروانی حەوتەمی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردندا ئازاد بکرێن، لە بەرامبەردا حەماس لە ماوەی 48 کاتژمێردا تەرمی دوو بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەست بکاتەوە.

دەزگای پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تەلئەڤیڤ نیوەی ئەو زیندانیە فەڵەستینیانە ئازاد دەکات کە بڕیار بوو شەممەی ڕابردوو ئازاد بکرێن، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی دوو بارمتەی ئیسرائیلی.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، قەیرانی ئەو 602 زیندانییە فەڵەستینییەی کە هەڕەشە لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دەکات، ڕەنگە لە ڕێگەی میسرەوە چارە بکرێت.

کەناڵی 12 ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، پێشنیارێک بۆ حەماس کراوە، کە تەرمی ئەو دوو بارمتە بگوازێتەوە میسر، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 301 زیندانی فەڵەستینی لە کۆی 602 زیندانی ئازاد دەکات، ئاماژەی بەوەش دا، بڕیار بوو ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئەو ئاڵوگۆڕە بکرێت، بەڵام جێبەجێ نەکرا.

کەناڵ 12 دەشڵێت: ئەگەر ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، دەتوانرێت هەمان ڕێکار دووبارە بکرێتەوە. واتە دوو تەرمی دیکەی بارمتەکان ڕادەستی ئیسرائیل بکرێتەوە، لە بەرامبەردا، ئیسرائیل 301 زیندانیی فەڵەستینی دیکە ئازاد بکات.