ئەحمەد شەرع: پێویستە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت

ئەحمەد شەرع دووپاتی دەکاتەوە، هیچ وڵاتێک هاوکارییان نەکردوون لە ئازادکردنی سووریا لە دەست ڕژێمی ئەسەد. گوتیشی: پێویستە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

سێشەممە، 25-02-2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەی سووریا لەمیانی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئاوەدانکردنەوەی وڵات، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و چەندان بابەتی دیکەی کرد.  

شەرع لە سەرەتای قسەکانیدا، باسی لە ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد کرد و دووپاتی کردەوە "سوورییەکان خۆیان بە تەنیا سووریایان لە ڕژێمی پێشوو ڕزگار کردووە و دەبێت هەر خۆشیان، پێکەوە لەگەڵ یەک دابنیشن و وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە."

سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەی سووریا ئاماژەی بەوەش دا "سووریا لەژێر دەسەڵاتی بەعس و بنەماڵەی ئەسەددا، بەرگەی ئازار و ئازاری ئابوری و سیاسی گرت." گوتیشی: "شۆڕش هات و سووریای لە ونبوون ڕزگار کرد و دوای ئەوەی لە ناکاو دزرا، گەڕایەوە ناو گەلەکەی."

شەرع، جەختی لەوە کردەوە "هەر چەندە خەڵک شۆڕشی کردووە و سووریایان لە بنەماڵەی ئەسەد ڕزگار کردووە، بەڵام هێشتا ئاڵنگاریی گەورە لە بەردەماندا ماون." باسی لەوەش کرد "ئێستە ئێمە لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتداین دوای ئەو هەموو وێرانی و کاولکارییەی، ڕژێمی پێشوو بەجێی هێشتووە."

سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەی سووریا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە یەکپارچەیی ئەو وڵاتە کرد و دووپاتی کردەوە "سووریا دابەشبوون قبووڵ ناکات و یەکگرتووە." وەکوو خۆی گوتی: "پێویستە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت و ئەمە ئەرکە."