عێراق هەوڵ دەدات ڕێککەوتنێکی ئەمنیی نوێ لەگەڵ ئەمەریکا ئیمزا بکات
وەزیری بەرگریی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سووریا، گفتوگۆی ئەمنییان نەکردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، هەوڵ دەدەن ڕێککەوتنی ئەمنیی نوێ لەگەڵ ئەمەریکا ئیمزا بکەن.
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەهۆی هەبوونی بۆشایی ئەمنییەوە، هێزمان لەسەر سنووری سووریا جێگیر کردووە، ئامادەش نین ئێستە ئەو هێزانە بکشێنینەوە. لەبارەی دۆخی ئەمنیشەوە، تا ئێستە لەگەڵ لایەنی سووری پەیوەندیمان نەبووە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق، عەباسی گوتی: "هەوڵ دەدەین ڕێککەوتنی ئەمنیی نوێ لەگەڵ ئەمەریکا ئیمزا بکەین و لەم ڕووەوە لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین." جەختیشی کردەدوە "ئەمریکا هیچ هێڵێکی 'سوور'ی بۆ فرۆشتنی چەک بە عێراق نییە."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو سەربازە سوورییانەی لە کاتی ڕووخانی ئەسەد پەنایان بۆ عێراق هێنا، وەزیری بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوە دا، 130 ئەفسەر و سەربازی ڕژێمی پێشووی سووریا لە عێراق ماون و هەوڵ دەدەن ڕێکارێکی گونجاو بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسیان بدۆزنەوە.
عەباسی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو "دەنگۆی بەکارهێنانی خاکی عێراق دژی سووریا لەلایەن ئەو ئەفسەر و سەربازانەوە دوورە لە ڕاستییەوە."