ئێران لەبارەی لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆی لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپایی کردووە

کازم غەریبادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئێران، خولێکی نوێی گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا کردووە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، لە پۆستێکدا ڕایگەیاندووە "لە پەراوێزی گەشتی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ جنێڤ بۆ بەشداریی لە کۆنفرانسی باڵای داماڵینی چەک و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، خولێکی نوێی گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ بەڕێوەبەرانی سیاسیی سێ وڵاتی ئەورووپایی بەڕێوە چوو."
ئابادی، ئاماژەی بەوەش کرد، بابەتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆکانمان تاوتوێ کرد، بەو پێیەی هەموو لایەنەکان جەختیان لە پابەندبوونیان کردەوە بە دۆزینەوەی چارەی دیپلۆماسی لە ڕێگەی دانوستانەوە، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان لە داهاتوودا.