لیستی نوێی سزاکانی ئەمەریکا ناوی ژمارەیەک سەرکردەی حەشد و کۆمپانیای تێدایە

سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار ڕۆژی دووشەممە، ئاشکرای کردووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەوڵ دەدات ڕێگریی لە سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا بۆسەر عێراق بکات، کە لیستەکە ناوی ژمارەیەک سەرکردەی حەشدی شەعبی و چەند کۆمپانیایەک لەخۆ دەگرێت. 

ئەو سەرچاوەیە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای ناوخۆیی ڕاگەیاندووە "ڕەنگە بەم نزیکانە سزاکانی ئەمەریکا دەر بکرێن،لیستی سزاکان ناوی ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی تێدایە کە گرووپی چەکداریان لە عێراق هەیە."

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە "لیستی سزاکانی ئەمەریکا زیاتر لە 10 ناوی لەخۆ گرتووە، کە هەندێکیان سەرکردەی حەشدی شەعبین، هەندێکی دیکەشیان ناسراون و هاوبەشییان لەگەڵ هێزە سیاسییە دیارەکان هەیە."

ڕوونیشی کردەوە "ڕەنگە دۆخەکە لەگەڵ ئەمەریکا پەرەبسێنێت، کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆگۆڕی پارەیە لە عێراق، وەک ئیدارەی ترەمپ دەڵێت، سنووردارکردن و لاوازکردنی باڵەکانی ئێرانە و هەروەها ڕێگرییە لەوەی تاران دەستی بە دراوی قورس بگات."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "لیستەکە ناوی سێ کۆمپانیای دارایی و سێ کۆمپانیای گواستنەوەی تێدایە، کە هەموویان کار لەگەڵ کەشتیی نەوتی عێراقی دەکەن، هەروەها لە لیستی ڕەشیشدان، ئەمەش بە مەبەستی فشار و ڕاگرتنی قاچاخی دراو و نەوتە بۆ ئێران."

ڕۆژی 16ـی شوبات، سەرچاوەیەکی بەرپرسی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندبوو "دەزگاکانی حکوومەتی عێراق ئاگادارییەکی فەرمییان پێ گەیشتووە، کە ئەمەریکا سزای بەسەر پێنج بانکی نوێی عێراقدا سەپاندووە، بەهۆی تێوەگلانیان لە کارەکانی گواستنەوەی دارایی نایاسایی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق."

ئەو سەرچاوەیە گوتبووی "عێراق ڕاپۆرتێکیشی پێگەیشتووە کە بڕیارێکی ئەمەریکی دەرچووە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سەرجەم کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە دەرەوەی وڵات لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریی لە بەقاچاخبردنی دراو بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی ئەو کارتانەوە. ئەمەش دوای ئەوە بووە کە تیمە ئەمەریکییەکانی تایبەت بە چاودێریی جموجووڵە داراییەکانی ناوخۆی عێراق چاودێریی جووڵەی دارایی گوماناویان کردووە."

چاودێرانیش پێیان وایە سزاکانی ئەمەریکا کاریگەرییان لەسەر عێراق دەبێت، کە یەکێکە لە دەروازە ئابوورییە گرنگەکانی ئێران، بەڵام  ڕەنگە مەبەست لەم سزایانە پاڵنانی ئێران بێت بۆ ئەوەی زیاتر بچێتە سەر مێزی دانوستان.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment