هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆنە دوژمنەکان دەکاتە دۆست
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی، مالیکی و سەدر دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سنوورێک بۆ هەڵکشانی پێگەی جەماوەریی سوودانی دابنێن.
ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی لەندەنی ڕاپۆرتێکی دەربارەی سیناریۆ و ئەگەرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بڵاو کردووەتەوە، تێیدا باسی لەوە کردووە "ئەم هەڵبژاردنە هاوشێوەی دووڕێیانێکە بۆ عێراقییەکان؛ یان عێراقییەکان بەجۆش و خرۆشەوە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و هاوسەنگیی هێز دەگۆڕن، یاخود پشت لەم پرۆسەیە دەکەن و بە شێوەیەکی فراوان بایکۆتی دەکەن."
بە گوێرەی ژمارەیەک سەرچاوە کە قسەیان بۆ ڕۆژنامەکە کردووە، بەم دواییانە لە ڕێگەی چەند نێوەنگیرێکەوە، پەیام لە نێوان نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی شیعی نیشتیمانی، ئاڵوگۆڕ کراوە. لە پەیامەکانیاندا باسیان لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق کراوە.
سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە "ئامانجی هەردووکیشیان دانانی سنوورێکە بۆ فراوانبوونی پێگەی جەماوەریی محەممەد شیاع سوودانی، کە بەم دواییانە هەڵکشانی ئاستی جەماوەریی ناوبراو ترسی لای لایەنە شیعەکان دروست کردووە."
بە گوێرەی هەندێک پێشبینی، ئەگەر سوودانی وەک لیستێکی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بکات، ئەگەری بەدەستهێنانی نزیکەی 70 کورسی لە کۆی 239 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق هەیە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوە داوە، سەدر و مالیکی نەگەیشتوونەتە هیچ لێکگەیشتنێک سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان، چونکە ناکۆکییەکانی ئەم دوو سەرکردەیە لەوە قووڵترە لەسەر هیچ بابەتێک ڕێک بکەوتن. ئەمەش دەرگا لەبەردەم سوودانیدا واڵا دەکات تاکوو چانسی خۆی تاقی بکاتەوە و بە سوودوەرگرتن لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەوڵی هاوپەیمانیی لەگەڵ موقتەدا سەدر بدات بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە.
هەرچەندە هیچ لێدوانێکی فەرمی نییە سەبارەت بە شکاندنی بایکۆتی سیاسی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، بەڵام سەرکردەکانی ڕەوتەکە داوا لە لایەنگرەکانیان دەکەن تۆماری دەنگدانیان نوێ بکەنەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک لێک دەدرێتەوە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ و گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانەکە.