ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای دەستەی نوێی حەشدی شەعبی پەسند کرد

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پرۆژه ‌یاسای نوێی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ربڕی و ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كرد.

سێشه‌ممه‌، 25ـی شوباتی 2025، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند، پرۆژه‌ یاسای نوێی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌وه‌ په‌سند كراوه‌ و ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی كرد و تێیدا چه‌ند پرس و ته‌وه‌رێك تاوتوێ كران و یه‌كێكیش له‌ پرسه‌كان، په‌سندكردنی پرۆژه‌ یاسای نوێی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی بوو.

بەهۆی ناكۆكیی سەكردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی، ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق دەكرێت.

چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان، لە كۆبوونەوەكانیان لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی بەردەوامن؛ چەند ڕۆژێک پێش ئێستە، چوارچێوەی هەماهەنگی، لە ماڵی هادی عامری، سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر كۆبوونەوە و بەمەرج لەبارەی چۆنییەتی هەمواركردنەوەی یاساكە ڕێككەوتن. مەرجەكەش ئەوە بوو، دەسەڵات بدرێت بە سەرۆك وەزیران بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، ماوەكەش پێنج ساڵ بێت.

پێنجشه‌ممه‌، 20ـی شوباتی 2025، عەلی نەعمی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی عێراقیان ڕاگەیاند، بڕیار بوو ئەم هەفتەیە دوو ڕۆژ كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام ئەو یاسایە لەناو كارنامەی دانیشتنەكاندا نەبوو، بۆیە دانیشتنەكان دواخران. بڕیارە هەفتەی داهاتوو، كۆبوونەوەكان دەست پێ بکەنەوە، بەڵام تاوەکوو ڕێككەوتن نەكرێت، پەرلەمانتارانی شیعە ئامادە نین ڕێژەی یاسایی تەواو بكەن.

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە ماڵپەری (عەرەبی الجديد)ـی گوتووە "سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەبارەی ئەو یاسایە دابەش بوون، لایەك دەیەوێت فالح فەیاز، سەرۆكی دەستە خانەنشین بێت، لایەكی دیكە داوا مانەوەی فەیاز دەكەن وەک سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ناكۆكییەكان قووڵن و چەند كاندیدێك ناویان دێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، هەموو یاسایەكی هەستیار لە عێراق بە ڕێككەوتن و جێبەجێكردنی داواكاریی پێكهاتەكانی عێراق تێ دەپەڕێت، بەڵام تاوەکوو ئێستەش ڕێككەوتن لەبارەی ئەو پرسە نەكراوە. داوای ڕێككەوتنی دەرەوەی پەرلەمان دەكرێت و سەركردەكانی سوننەكان داوای كۆبوونەوەی هاویەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان كردووە، بەڵام تا ئێستە كۆبوونەوە نەكراوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment