سەربازێکی عێراقی سکاڵا لەسەر جووتیارێکی شەناغە تۆمار دەکات

ئەو سەربازەی هەفتەی ڕابردوو ملپێچی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی گوندی شەناغەی ڕاکێشا و خەریک بوو بیخنکێنێت، ئەمڕۆ سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو جووتیارە تۆمارکرد. 

سێشەممە 25ـی شوباتی 2025، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی گوندی شەناغە، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ سەردانی دادگای (دووبز)ـم کرد بۆ پێشکەشکردنی بەڵگە و گوتەی شایەتحاڵەکان لەسەر ڕووداوی پەلاماردانی ئەو سەربازەی کە هەفتەی ڕابردوو لە گوندی (شەناغە) ئازاری پێگەیاندبووم.

هەروەها دەڵێت: بە داخەوە کە چوومە دادگا شۆک بووم، کاتێک پێیان ڕاگەیاندم کە ئەو سەربازە سێ ڕۆژ پێش ئێستا هاتووە بۆ دادگا و سکاڵای یاسایی لەسەر من تۆمار کردووە و داوای کردووە کە سزا بدرێم لەسەر ئەوەی کە گوایە من پەلامارم داوە لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی پیشەیی خۆی.

بە گوتەی محەممەد ئەمین، ئەم سکاڵایە مانای ئەوەیە:

1- ئەو سەربازە دەستگیر نەکراوە هەروەکو لەسەر زاری فەرماندەی فرقەی (8) پێی ڕاگەیەندرابوو.

2- بە پێی داواکەی سەربازەکە من تاوانبارم.

3- بە داخەوە ڕێکارەکانی دادگاش بە جۆرێکە کە بەپێی ئەو ماددەیەی تێیدا من پێی تاوانبار کراوم، مافی گشتی تێدایە و ڕەنگە سەرەڕای دەستگیرکردنم و حوکمدانم، سزای داراییش بدرێم.

 

 
Fly Erbil Advertisment