سوپای عێراق ده‌یه‌وێت له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ نزیك ببێته‌وه

فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌: ئامانجی هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌و هه‌نگاوه‌ داگیركارییه

K24- دیاله‌:

چه‌ندین جاره‌ هێزەکانی سوپای عێراق هه‌وڵ ده‌ده‌ن بێنە ئەو سنوورانەی پێشمەرگەی لێ جێگیر کراوە لە سنووری ناوچە کوردستانیەکانی پارێزگای دیالە، ئه‌مه‌ش بە بیانوی پاراستنی ناوچەکە لە چەکدارانی داعش. له‌ به‌رامبه‌ریشدا هێزەکانی پێشمەرگە رەتی دەکەنەوە رێگه‌ بە هێزەکانی عێراق بدەن پێشڕەوی زیاتر بكه‌ن بۆ درووست کردنی بارەگای سەربازی لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆل دایە.

ئه‌گه‌رچی بە بەردەوامی گوندە کوردنشینەکانی ناوچە کوردستانیەکانی دیالە بوونەتە ئامانجی گروپە تیرۆرستیەکان و هێزە عێراقیەکانیش هیچ پارێزگاریەکیان لێ ناکەن، وه‌ك لیوا محمد سیاسی، فەرماندەی پێشمەرگە دەڵێت: هێزە عێراقیەکان و بەرپرسە ئیداریەکانی عێراق لە داعش و تیرۆرستان خراپتر مامەڵە لەگەل کوردا دەکەن.

هەرچەندە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەردەوام دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان نزیك ببنەوە و بارەگای سەربازی دابنێن، بە بیانوی پاراستنی ناوچەکە لە داعش، بەڵام ئەمە لەکاتێكدایە، داعش به‌ بەردەوامی و بە دووری دەیان کیلۆمەتر لە هەرێمی کوردستانیش لەناو جەرگەی حکومەتی عێراقدا کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدات و هێزە عێراقیەکانیش ئەو کردەوە تیرۆرستانەیان پێ بنبڕ نەکراوە.

H.B