دەم پارتی داوای دیداری عەبدوڵلا ئۆجەلان دەکات

شاندنی دەم پارتی دەیەوێت بۆ جاری سێیەم سەردانی ئیمراڵی بکات، بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، بۆ ئەم مەبەستەش داوایەکی پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا کردووە.
چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لـــە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارتەکەی بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمراڵی، داوایەکی پێشکەش بە وەزارەتی دادی تورکیا کردووە.
شــاندەکەی دەم پارتی پێکهاتووە لە ئەحمەد تورک، سرری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، هەروەها پێشتر، دوو جار لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و لە 22ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی کۆبوونەوە، بــە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان.
هاوکات 19ـی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە بارەی سێیەم سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی ڕایگەیاند: مۆڵەت بە سێیەم دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان دەدەن، بەڵام شاندەکە تاوەکوو ئێستا هیچ داواکارییەکی بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش نەکردووە.