ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: فەرمانی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع ساختەیە
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری نووسراوێکی سەبارەت بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد شەرع ڕەتکردەوە.
چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، چاودێری بڵاوکردنەوەی فەرمانی دەستگیرکردنیان کردووە کە لە سایتەکانی سۆشیال میدیا دەگەڕێندرێنەوە بۆ دادگاکانی لێکۆڵینەوە، ناوەندەکەش دەیەوێت ڕوونی بکاتەوە، دوای پەیوەندیکردن بەو دادگایانەی ئەو فەرمانانەیان دەرکردووە، دەرکەوت ساختە و نادروستن."
ئاماژەی بەوەش کرد، لەمبارەیەوە هۆشداری دەدەینە ئەو کەسانەی ئەو ڕەفتارە نایاساییانە دەکەن، بەدواداچوونیش بۆ تۆمەتباران دەکرێت، تاوەکوو ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.
