شێروان دووبەردانی: نووسینگەیەکی تایبەت بە ماددەی 140 لە پارێزگای نەینەوا دەکرێتەوە

نووسینگەیەکی تایبەت بە ماددەی 140 لە پارێزگای نەینەوا دەکرێتەوە و 20 فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست بۆ ئەو نووسینگەیە دادەمەزرێنرێن.
چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، توانیمان ڕەزامەندی کردنەوەی نووسینگەیەکی تایبەت بە ماددەی 140 لە پارێزگای نەینەوا وەربگرین.
دووبەردانی گوتیشی: 20 فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست بۆ نووسینگەکە دادەمەزرێنرێن، ئاماژەی بەوەش کرد، کردنەوەی ئەم نووسینگەیە گرنگی زۆری بۆ کوردانی ناوچەی 140دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر هەر کێشە و گرفتێکیان هەبێت لەڕێگەی ئەو نووسینگەیەوە دەگەیەندرێت.
دووبەردانی باسی لەوەشکرد: هەموو ساڵیک بڕی یەک ملیار دینار بۆ هاوڵاتییانی ماددەی 140خەرج دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کوردانی ئەو سنوورە سوودمەند نەبوون و لەمەودوا سوودمەند دەبن و بە چەند قۆناغێک پارەکە وەردەگرن، کە هەر هاوڵاتییەکی کورد 10ملیۆن دیناری پێدەدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند، ئەم ناوچانەی دەکەونە سنووری پارێزگای نەینەوا، بریتین لە "قەزاکانی شنگال و دەوروبەری، زوممار ، قەحتانیە، تەلکێف و دەوروبەری، شێخان و دەوروبەری، حەمدانیە و دەوروبەری، بەعشیقە، مەخموور و دەوروبەری.