سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەهاوکاری فەرەنسا کاری میدیایی ڕێک دەخاتەوە

وا بڕیارە لە 127ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی داهاتوو کە 21ـی نیسانی 2025، بەڕێوە دەچێت، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و فەرەنسا بەهاوبەشی کار لەسەر ڕێکخستنەوەی کاری میدیایی بکەن.
شاندێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان سەردانی فەرەنسایان کردووە، لەم سەردانەدا لەگەڵ سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسانی فەرەنسا کۆبوونەوە، وا بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوو کار لەسەر داڕشتنەوەی کاری میدیایی بکەن.
حاکم ئازاد، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەرەنسا بەرهەمدار بوو، وا بڕیارە لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردی شاندێکی ئەو سەندیکایە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و بە هاوبەشی کاری میدیایی ڕێک بخەینەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە شاندی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەگەڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان کە بنکەی سەرەکی لە برۆکسل کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیە باس لەوە کراوە کە چۆن بەرگری لە ڕۆژنامەنووسە پرۆفیشناڵەکان بکرێت بەتایبەتی لە دادگەکان.
بەم دواییانە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بووە ئەندام لە یەکێتی سەندیکاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا، لەم بارەیەوە، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی: بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەو یەکێتییە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ زیرەکی دەستکرد و کاریگەرییەکان و چۆنییەتی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و سوودوەرگرتن لێی بۆ کاری میدیایی دیجیتاڵی.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، 26 ساڵە بەمەبەستی ڕێکخستنی کاری میدیایی و بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان دامەزراوە.