شاندی ڕووسیا و ئەمەریکا بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە ئیستانبوڵ کۆ دەبنەوە

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ڕایگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە 27ـی شوبات 2025، شاندی ڕووسیا و ئەمەریکا لە ئیستانبوڵ کۆ دەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان.

چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ لەمیانەی سەردانەکەی بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا ڕایگەیاند "سبەی پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا بۆ تاوتوێکردنی کێشەکان سەبارەت بە کاری باڵیۆزخانەکانیان کۆ دەبنەوە."

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد "دیپلۆماتکاران و شارەزایانی ئاستی باڵای نێوان هەردوولا  کۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە دەکەن کە پەیوەندییان بەکردنەوەی باڵیۆزخانەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا هەیە."

لە ساڵی 2017 واشنتۆن فەرمانی داخستنی کونسوڵخانەی ڕووسیای لە سانفرانسیسکۆ و کەمکردنەوەی ستافی دیپلۆماسی ڕووسیا لە ئەمەریکا دەرکرد ، لە وەڵامی دەستوەردانی گوماناوی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016. دواتر، مۆسکۆ تۆڵەی لێ کردەوە و سەدان دیپلۆماتکاری ئەمەریکی دەرکرد و فەرمانی داخستنی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە سانت پترسبۆرگ لە ساڵی 2018دا دەرکرد.

لە ساڵی 2021 لە سەردەمی ئیدارەی بایدن سنووردارکردنی زیاتر سەپێندرا، کاتێک ئەمەریکا دیپلۆماتکارانی ڕووسیای دەرکرد و ڕێگریی لە مۆسکۆ کرد لە دامەزراندنی ستافی ناوخۆیی لە نوێنەرایەتییەکانیدا. ڕووسیا وەڵامی دایەوە و ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ سنووردار کرد، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پێدانی ڤیزا و خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکانی دیکە هەبوو.