دەم پارتی: پێشبینی دەکەین سبەینێ ئۆجەلان پەیامە مێژووییەکەی بڵاو بکاتەوە

دەم پارتی ڕایگەیاند: پێشبینی دەکات سبەینێ عەبدوڵلا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، پەیامە مێژووییەکەی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بڵاو بکاتەوە.
چوارشەممە 26ـی شوباتی 2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سبەینێ شاندێکی دەم پارتی، بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکات.
دەم پارتی، ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر سبەینێ هەموو شتێک بە باشی بەڕێوە بچێت، پێشبینی دەکەین ئۆجەلان پەیامە مێژووییەکەی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بڵاو کاتەوە.
چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لـــە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پارتەکەی بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەڵلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمراڵی، داوایەکی پێشکەش بە وەزارەتی دادی تورکیا کردووە."
شــاندەکەی دەم پارتی پێک هاتووە لە ئەحمەد تورک، سرری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، هەروەها پێشتر، دوو جار لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و لە 22ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی کۆبوونەوە، بــە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان.
هاوکات 19ـی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە بارەی سێیەم سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی ڕایگەیاند: مۆڵەت بە سێیەم دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان دەدەن، بەڵام شاندەکە تاوەکوو ئێستا هیچ داواکارییەکی بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش نەکردووە.