حەماس: ڕێککەوتن تاکە ڕێگەی ئیسرائیلە بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی ماون

بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکی ئەم بەرەبەیانییەدا ڕایگەیاند: تاکە ڕێگەی ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی ماون لە غەززە، پابەندبوونە بە ڕێککەوتن و ئاگربەست.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی دیل بەرانبەر بە بارمتە، ئیسرائیل 97 دیلی فەڵەستینی ئازادکرد و بە پاسێک گەیشتنە دەروازەی کەرەم ئەبو سالم لەلایەن تیمەکانی خاچی سوورەوە لە دەروازەی شاری ڕەفەح و نەخۆشخانەی ئەورووپی لە شاری خان یونسی باشووری کەرتی غەززە پێشوازیان لێکرا.
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆکان، دیلە ئازادکراوەکان یەک شێوازی جلوبەرگیان لەبەر کرابوو، لەسەر جلەکانیشیان چەند پەیامێکی هەڕەشە ئامێز نووسراوە.
ئازادکردنی ئەو 97 دیلە فەڵەستینییە دوای ڕادەستکردنەوەی تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی دێت کە دوێنێ چوارشەممە چەکدارانی حەماس لە ڕێگەی لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە ڕادەستی ئیسرائیلی کردەوە .
بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەکەیدا بەبۆنەی ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین ئاماژە بەوە دەکات، پرسی ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئیسرائیلییەکانمان بەستەوە بە ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین و ناهێڵین بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە دەستکاری بکرێت.
هەروەها حەماس دووپاتی کردووەتەوە، ئیسرائیل هەوڵیداوە بەربەست بخاتە بەردەم ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین، بەڵام ئەو هەوڵەی شکستیهێنا، بزووتنەوەکە دەڵێت: ئەوە بە پێداگری ئێمە بوو وامان کرد ئیسرائیل پابەند بێت بە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە وەک خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی نێوەندگیرەکان لە میسر و قەتەر، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان بینی لە فشار خستنە سەر ئیسرائیل بۆ پابەند بوون بە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە و ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین.
بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو ڕێگەکانیان لەبەردەم ئیسرائیل داخستووە و هیچ بیانوێکیان بۆ نەهێشتووەتە ئاستەنگ بخەنە بەردەم قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە، هیچ ڕێگەیەکیشی نییە جگەلە ڕێککەوتن.
بزووتنەوەی حەماس لە بایەننامەکەی هەموو پابەندییەکی بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی کەرتی غەززە دووپات کردووەتەوە بە تەواوی بەندەکانی، ئامادەیی خۆشی نیشاندا بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ئیسرائیل.