ئێوارەی ئەمڕۆ پەیامەکەی ئۆجەلان بڵاو دەکرێتەوە

شاندی دەم پارتی بۆ جاری سێیەم دەچێتە ئیمرالی و چاوەڕێ دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ، پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بڵاو بکرێتەوە. 

چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-02-2025، بۆ جاری سێیەم شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ ببنەوە. 

تاوەکوو ئێستە شاندی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سڕری سورەیا ئۆندەر پێک هاتبوو، دوو جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆ بووەتەوە. جیاوازیش لە دوو جاری ڕابردوو، ئەمجارە ئەندامانی شاندەکە حەوت کەس دەبن. 

ئەندامانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی:

1.  پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان.

2.  سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.

3.  ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین.

4.  تولای هاتیمئۆغوڵلاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی.

5.   تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی.

6.  جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ.

7.  فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵلا ئۆجەلان.

پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی دەم پارتی، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، کاتژمێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-02-2025، شاندە حەوت کەسییەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ناوەرۆکی دیدارەکەیان و بانگەوازەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن. 

دەم پارتی ئاماژەی بەوەش داوە، ئەگەر هیچ ئاستەنگێک دروست نەبێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ڕێگەی شاشەی گەورەوە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ خەڵک بڵاو دەکەنەوە، بۆیە داوا لە دانیشتووانی ئامەد و وان دەکات، لە سەنتەری شارەکانیان کۆ ببنەوە و سەیری پەیامەکە بکەن.