مەحموود مەشهەدانی: لە عێراق گەندەڵی بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی
مەشهەدانی: ئەم خولەی پەرلەمان خراپترینە خولە

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، گەندەڵی بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، هەروەها ئەم خولەی پەرلەمان بەهۆی ناکۆکیە سیاسییەکانەوە بووەتە خراپترین خولی پەرلەمان.
پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا گوتی: گەندەڵی لە عێراق بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی. ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ململانێ و ناکۆکیە سیاسییەکانەوە خراپترین خولە، تاوەکوو هەڵبژاردنی داهاتووش هەروا دەمێنێتەوە."
گوتیشی: لایەنگیریی لە کاری سیاسیدا هەیە، بەردەوامیی لە ئەولەویەتدان بە لایەنگیری بەسەر لێهاتوویدا وڵات دروست ناکات، چونکە لایەنگیری دەبێتە هۆی گەندەڵی.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک لە دوورخستنەوەی مەحەممەد حەلبوسی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ڕۆژی پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەحموود مەشهەدانی، بە دەنگی 182 ئەندام، بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
ڕۆژی شەممە، 25 کانوونی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: وادەی هەڵبژاردن بە هەماهەنگی نێوان دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دیاری کراوە، بەمەرجێک کە وادەی دیاریکراو پێش کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان بە ماوەیەک کەمتر نەبێت لە 45 ڕۆژ لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە کە لە 9ـی 1ـی 2022 لەلایەن پەرلەمانەوە بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ماوەیە کەمترینە، واتە ناتوانرێت پێش 25ـی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردن بکرێت، بەو وادەیەی لە نێوان سەرۆکی حکوومەت و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دیاریکراوە.