بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا: ترەمپ عێراق وەک بەشێک لە فشارەکانی بۆ سەر ئێران بەکار دەهێنیت
پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، دەیڤید شەنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، عێراقی وەک بەشێک لە سیاسەتی فشار خستنە سەر ئێران داناوە.
شەنکر گوتیشی: ئەگەر سەیری سیاسەتی واشنتن و کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمەریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمە لە چەند ڕوویەکەوە سوودی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، لەوانە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان، هەروەها هێشتنەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە کوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو 20 ملیۆن دۆلارەی کە ئەمەریکا ساڵانە دەیدا بە هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت."
سەبارەت بە دۆخی گشتیی عێراق و هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لەو بارەیەوە، ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمەریکا گوتی: پێم وا نییە ترەمپ زۆر بیر لە عێراق بکاتەوە، بەڵام وەک بەشێک لە سیاسەتی فشارخستنە سەر ئێران وەری دەگرێت.