فوئاد حوسێن: ئەمەریکا داوای لێ کردووین غاز لە ئێرانەوە هاوردە نەکەین

وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە "هەڕەشەی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق هەر ماوە." باسی لەوەش کرد "ئەمەریکا داوای لێ کردووین ‌هاوردەکردنی غازی ئێران ڕابگرین." لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتیش، گوتی: هاوکێشەکانی ناوچەکە دەگۆڕێت.

پێنجشەممە، 27-02-2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (العربية) باسی لە پەیوەندییەکانی بەغدا – واشنتن، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هاوپەیمانان، پرۆسەی نوێی ئاشتیی لە تورکیا و باکووری کوردستان، شەڕی غەززە و چەندان پرسی دیکەی کرد. 

گرووپە چەکدارەکان و هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، وەکوو پشتیوانییەک بۆ مقاوەمەی ئیسلامی لە فەڵەستین (حەماس) بۆ ماوەی چەندان مانگ، هێرشی مووشەکییان کردە سەر ئیسرائیل لە لایەک و لە لایەکی دیکە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. 

وەزیری دەرەوەی عێراق، وەستانی هێرشە مووشەکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی بۆ "گۆڕان و پێشهاتەکانی ناوچەکە" گەڕاندەوە و جەختی کردەوە لەوەی "پێویستە خۆمان لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بپارێزین و عێراق پەلکێشی هیچ شەڕێک نەکەین."

ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەمەریکاوە چەندان جار بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرپرسانی عێراقی ئاگادار کردبووەوە، ئەگەر گرووپە چەکدارەکان، بەردەوام بن لە هێرشە مووشەکییەکانیان، بۆمبارانیان دەکات. 

فوئاد حوسێن، لەبارەی ئەگەری هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، گوتی: "هەڕەشەکانی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، تاوەکوو ئێستەش هەر ماون." ئەوەشی خستە ڕوو "ئەمەریکا چەندان جار پەیامی ناڕاستەوخۆی لەبارەی گرووپە چەکدارەکان، بۆ ئێمەی ناردووە."

 وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە " گرووپە چەکدارەکان نابنە هەڕەشە لەسەر مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و تاوەکوو ئێستەش هیچ گۆڕانێک بەسەر کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق نەهاتووە." 

لەبارەی چەکی دەستی گرووپە چەکدارەکانیش، فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد "پرسی داماڵینی چەک لە دەست گرووپە چەکدارەکان پێویستی بە گفتوگۆیەکی ناوخۆیی هەیە."

داواکارییەکەی ئەمەریکا لەبارەی غازی ئێران

فوئاد حوسێن، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ کرد و گوتی: "ئەمەریکا داوای لێ کردووین هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە ڕابگرین و هەندێک پێشنیازیشی بۆ کردووین کە تایبەتن بە زیادکردنی فشار لەسەر تاران."

هاوکات، وەزیری دەرەوە بە پێویستیشی دەزانێت عێراق هاوسەنگیی لە پەیوەندییەکانی لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا بپارێزێت و  گوتی: "هیوادارین بەردەوامیی بە گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتن بدەین."

لەبارەی سزای سەر ژمارەیەک بانکی فیدراڵیش، وەزیری دەرەوەی عێراق دڵنیایی دا لەوەی "هیچ سزایەکی نوێی ئەمەریکی بۆ سەر بانکەکانی عێراق نییە."

پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا لە سەردەمی شەرع

وا بڕیار بوو هەفتەی ڕابردوو، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ جاری یەکەم لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەردانی بەغدا بکات، بەڵام بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، شەیبانی خۆی داوای کردبوو، سەردانەکەی دوا بخرێت و ئەوانیش داواکەییان قبووڵ کردووە. 

فوئاد حوسێن، لەبارەی ئەوەی گوایە، شەیبانی لەبەر دۆخی ئەمنی، سەردانی عێراقی نەکردووە، گوتی: "سووریا سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی بۆ بەغدا، داوای گەرەنتی ئەمنیی نەکردووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیشی کردەوە "هەڵوێستی عێراق لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا هیچ پەیوەندییەکی بە ئێرانەوە نییە." 

پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا

چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-02-2025، بۆ جاری سێیەم شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ ببنەوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی دەم پارتی، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، کاتژمێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-02-2025، شاندە حەوت کەسییەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ناوەرۆکی دیدارەکەیان و بانگەوازەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن. 

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و چەکدانانی پەکەکە "دەبێتە هۆی هاوکێشەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا."